 |
New Page 1
به‌ئاماده‌بوونی وه‌زیری ژینگه، رۆژی ده‌ستشۆرین به‌رز راده‌گیرێت 2009-10-15 | به‌مه‌به‌ستی به‌رزراگرتنی رۆژی ده‌ستشۆرینی جیهانی (15/10)، وه‌زیری ژینگه به‌شداری ئاهه‌نگێكی تایبه‌تی یه‌كێك له قوتابخانه‌كان ده‌بێت.
كاتژمێر 10 ی سه‌رله‌به‌یانی پێنج شه‌ممه 15/10/2009، به ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان مامۆستا دارا محه‌مه‌د ئه‌مین وه‌زیری ژینگه و نوێنه‌ری رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی و نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، له قوتابخانه‌ی (مه‌م)ی بنه‌ڕه‌تی له شاری هه‌ولێر ئاهه‌نگێك سازكرا.
له سه‌ره‌تای ئاهه‌نگه‌كه‌دا چه‌ند سرودێك له‌لایه‌ن قوتابیانه‌وه پێشكه‌ش كرا، دواتریش به‌ڕێز وه‌زیری ژینگه وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد، تیایدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ساڵێك به‌ر له ئێستا رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، رۆژی (15ی تشرینی یه‌كه‌م)ی وه‌ك رۆژی ده‌ستشۆرین ناساند، مه‌به‌ست له دانانی ئه‌م رۆژه‌ش په‌ره‌پێدانی هۆشیاری پاكوخاوێنیه.
له‌درێژه‌ی وته‌كه‌یدا، به‌ڕێز مامۆستا دارا محه‌مه‌د ئه‌مین باسی له‌و نه‌خۆشیانه كرد كه له نه‌بوونی پاكژیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و، رۆڵی مامۆستایانی له په‌روه‌رده‌كردنی نه‌وه‌ی نوێ‌دا به‌رز نرخاند.
دواتریش هه‌ریه‌ك له نوێنه‌ری رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی و نوێنه‌ری وه‌زیری په‌روه‌رده وته‌یان پێشكه‌ش كرد.
له كۆتاییدا وه‌زیری ژینگه پۆله‌كانی قوتابخانه‌كه‌ی به‌سه‌ر كرده‌وه‌و هیوای خواست وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له‌رووی ژینگه‌ییه‌وه گرنگی زیاتر به قوتابخانه‌كان بدات. |
|
 |