له‌ رۆژی جیهانی ژینگه‌ ئۆتۆمبێله‌كانی كوردستان كوژێنرانه‌وه‌    
(7/6/2015)



له‌ سه‌ر بریاری ئه‌نجومه‌نی باڵای ژینگه‌ی هه‌رێم و به‌ هاوكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆ ماوه‌ی دوو خوله‌ك ئۆتۆمبێله‌كانی كوردستان كوژێنرانه‌وه‌، وه‌كو په‌یامێك بۆ پاراستنی ژینگه‌ی كوردستان.

لوقمان شێروانی وته‌بێژی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ به‌ ماڵپه‌ری ژینگه‌ی راگه‌یاند، ده‌سته‌كه‌مان له‌ سه‌ر بریاری ئه‌نجومه‌نی باڵای ژینگه‌ی هه‌رێم و به‌ هاوكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆ توانرا بۆ ماوه‌ی

دوو خوله‌ك ئۆتۆمبێله‌كانی كوردستان بكوژێنرانه‌وه‌،ئه‌وه‌شی وت" ئه‌م كاره‌ وه‌كو په‌یامێك بوو بۆ پاراستنی ژینگه‌ی كوردستان،كه‌ هاوڵاتیانی ئێمه‌ بزانن ئۆتۆمبێل ژینگه‌ پیس ده‌كات و هه‌ر كاتێك كاریان بۆ ئۆتۆمبێل نه‌بوو به‌كاری نه‌هێنن".

وته‌بێژه‌كه‌ی ده‌سته‌ی ژینگه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌روو، رێوره‌سمه‌كه‌ ئه‌مرۆ 5/6/2015 به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی ژینگه‌وه‌ به‌ ئاماده‌بوونی عه‌بدوره‌حمان عه‌بدوره‌حیم وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری ده‌سته‌ی ژینگه‌ و ره‌زاق خه‌یلانی به‌رێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی كاروباری هونه‌ر و

رابه‌ر محمد سه‌لیم هۆشیاری و راگه‌یاندن و عه‌بدولڵا محمد به‌رێوه‌به‌ری ژینگه‌ی هه‌ولێر و لیوا مسته‌فا باویل ئاغا به‌رێوه‌به‌ری گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ تیمه‌كانی پۆلیسی هاتوچۆ و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ساز كرابوو.

شێروانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری ده‌سته‌ی ژینگه‌ له‌ میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسی ئاماژه‌ به‌ كار و چالاكییه‌كانی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی كرد و هیواخواز بوو هه‌موولایه‌ك گرنگی به‌ پاراستنی ژینگه‌ بده‌ن ،چونكه‌ ژینگه‌ ناسنامه‌ی نیشتمانیه‌ و پێویسته‌ هه‌ر كه‌سه‌وه‌ له‌لای خۆییه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات.